Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:37

[1] یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت، دوورگە زۆرەکان شادمان بن.

[2] هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە، ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.

[3] ئاگر لەپێشیەوە، دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.

[4] بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە، زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.

[5] چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە، لەبەردەم یەزدانی هەموو زەوی.

[6] ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.

[7] ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن، ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن. ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.

[8] سییۆن بیستی و شادمان بوو، کچانی یەهودا دڵخۆش بوون، بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان.

[9] چونکە ئەی یەزدان، لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی. لەسەر هەموو خوداوەندەکان زۆر بەرزبوویتەوە.

[10] دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری دەبێتەوە، گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت، لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.

[11] ڕووناکی بۆ ڕاستودروستان چێنراوە، شادی بۆ دڵڕاستەکان.

[12] ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.

زەبوورەکان — Chapters