Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:44

[1] ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

[2] ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە. ڕێ مەدە شەرمەزار بم، دوژمنانم پێ خۆش مەکە.

[3] هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە شەرمەزار نابن، بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.

[4] ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە، ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.

[5] لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە، چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت، بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.

[6] ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت، چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.

[7] ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە، بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە، لە پێناوی چاکی خۆت.

[8] یەزدان چاک و سەرڕاستە، بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،

[9] ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری، ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.

[10] هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.

[11] ئەی یەزدان، لە پێناوی ناوی خۆت، لە گوناهم خۆشبە، هەرچەندە گەورەشە.

[12] کێیە ئەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت؟ خودا فێری ئەو ڕێگایەی دەکات کە بۆی هەڵبژاردووە.

[13] هەموو ڕۆژانی لە چاکەدا دەبێت و زەوی بە میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە.

[14] خودا نهێنی خۆی بەوانە دەسپێرێت کە لێی دەترسن، وا دەکات پەیمانەکەی زانراو بێت لەلایان.

[15] من هەمیشە چاوم ئاراستەی یەزدان کردووە، چونکە تەنها ئەو پێم لە تەڵە دەکاتەوە.

[16] ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە تەنها و کڵۆڵم.

[17] دڵتەنگیم زیاد بووە، لە تەنگانەکانم ڕزگارم بکە.

[18] تەماشای داماوی و ڕەنجکێشانم بکە و لە هەموو گوناهەکانم خۆشبە.

[19] تەماشای دوژمنەکانم بکە چەند زۆر بوونە و چەند بە قینەوە ڕقیان لێمە.

[20] ژیانم بپارێزە و ڕزگارم بکە، شەرمەزارم مەکە، چونکە پەنا وەبەر تۆ دەهێنم.

[21] با دروستی و سەرڕاستی پارێزەرم بن، چونکە ئومێدم بە تۆیە.

[22] ئەی خودایە، ئیسرائیل بکڕەوە، لە هەموو تەنگانەکانی!

زەبوورەکان — Chapters