Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:36

[1] خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان، باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان، لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.

[2] بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و باوباپیرانی ئێمەت چاند، گەلانت وردوخاش کرد و گەشەت بە باوباپیرانمان دا.

[3] ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکدا نەگرت، بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا. بەڵکو دەستە ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو، هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.

[4] تۆ پاشا و خودای منی، تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.

[5] لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین، بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.

[6] من پشت بە کەوانەکەم نابەستم، شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.

[7] بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین، تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.

[8] بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین.

[9] بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین، لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.

[10] وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین، ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.

[11] وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین، لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.

[12] گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە، قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.

[13] لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی، بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.

[14] ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان، خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.

[15] ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە، شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،

[16] لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم، لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.

[17] ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە، پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.

[18] دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە، پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.

[19] بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ، بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.

[20] ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە، یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،

[21] ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو، چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟

[22] لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.

[23] ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟ هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە.

[24] بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟ بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟

[25] گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە، سکمان بە زەوییەوە نووساوە.

[26] ڕاپەڕە! بگە فریامان! لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.

زەبوورەکان — Chapters