Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:35

[1] ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە، ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل، ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت ، بدرەوشێوە

[2] لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە. پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە، بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

[3] ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

[4] ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟

[5] تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون، فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.

[6] دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان، ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

[7] ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

[8] دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە، نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.

[9] خاکت بۆ ئامادە کرد، ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.

[10] سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی، چڵەکانی ئورزە گەورەکان.

[11] لقی هەتا دەریا هاویشت، پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار .

[12] بۆچی شووراکانیت ڕووخاند تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟

[13] بەرازی دارستان وێرانی دەکات، زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.

[14] ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە! لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە! ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،

[15] ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی، ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

[16] سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە، بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.

[17] با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت، لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

[18] ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە، بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

[19] ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە! ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

زەبوورەکان — Chapters