[1] ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا، ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
[2] با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات، بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
[3] با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن، گردەکان ڕاستودروستی.
[4] با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات، کوڕی نەداران ڕزگار بکات، زۆرداران وردوخاش بکات.
[5] با وەک خۆر بمێنێت، وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
[6] وەک باران بەسەر گیادا ببارێت، وەک هەور زەوی ئاو بدات،
[7] ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن، ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
[8] لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
[9] بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
[10] پاشاکانی تەرشیش و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن، پاشاکانی شەبا و سەبا دیاری بۆ دێنن.
[11] هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
[12] چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات، چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
[13] بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە، گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
[14] گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە، خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
[15] تەمەن درێژ بێت! با لە زێڕی شەبای پێبدرێت، با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن، با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
[16] با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت، لەسەر لووتکەی گردەکان، بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە، با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
[17] با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت، هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت. هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن، هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
[18] ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل، بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
[19] هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری، با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات. q4 ئامین و ئامین.
[20] لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.