Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:28

[1] هەلیلویا! ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.

[2] هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم، هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.

[3] نە پشت بە میرەکان ببەستن، نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.

[4] کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، لە هەمان ڕۆژدا نەخشەکانی دەسڕێتەوە.

[5] خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،

[6] دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە، ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.

[7] دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات، نان دەداتە برسییەکان. یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،

[8] یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە، یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە، یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.

[9] یەزدان نامۆکان دەپارێزێت، یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات، بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.

[10] یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات، ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت. هەلیلویا.

زەبوورەکان — Chapters