Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:39

[1] ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم. ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە، چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت، وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.

[2] گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە، کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم، دەستەکانم بەرز دەکەمەوە بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.

[3] لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە، ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن، بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن، بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.

[4] بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە، بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.

[5] لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و بە کارەکانی دەستی، تێکیان دەشکێنێت و جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.

[6] ستایش بۆ یەزدان، چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.

[7] یەزدان هێز و قەڵغانی منە، دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت، دڵم شاد دەبێت و بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.

[8] یەزدان هێزی گەلەکەیەتی، قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی

[9] گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە، ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.

زەبوورەکان — Chapters