Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:49

[1] هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم، هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.

[2] گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات، با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.

[3] با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین، با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.

[4] ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات، لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.

[5] ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە، ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.

[6] ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو، لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.

[7] فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن، دەربازیان دەکات.

[8] تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە! خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.

[9] لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی، چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.

[10] ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن، بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.

[11] کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن، فێری لەخواترسیتان دەکەم.

[12] چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟

[13] زمانت لە خراپە بپارێزە و لێوەکانت لە فێڵبازی.

[14] لە خراپە دوور بە و چاکە بکە، بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.

[15] چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.

[16] ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە، تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.

[17] سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت، لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.

[18] یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.

[19] پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت، بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،

[20] هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت، هیچیان ناشکێنرێت.

[21] بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات، ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.

[22] یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.

زەبوورەکان — Chapters