[1] ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم، بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.
[2] گوێت بۆم شل بکە، بە زوویی فریام بکەوە، ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم، بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.
[3] لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی، لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.
[4] لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە، چونکە تۆ پەناگای منی.
[5] ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم، ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.
[6] من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن، من متمانەم بە یەزدان هەیە.
[7] من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم، چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە.
[8] نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان، بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم.
[9] ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام. چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان، ڕۆح و لەشم لە خەمان.
[10] ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە، ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان، لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە، ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.
[11] بەهۆی دوژمنەکانمەوە، بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم، بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم، ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.
[12] لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم، وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.
[13] چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە، «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!» هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن، بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.
[14] بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە، دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»
[15] ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە، لە دەستی دوژمنان و ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
[16] با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.
[17] با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان، چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم، با بەدکاران شەرمەزار بن، لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن.
[18] با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت، چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن.
[19] چاکەت چەند مەزنە، کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن.
[20] لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە، لە پیلانەکانی خەڵکی، لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت، لە زمانی سکاڵاکەران.
[21] ستایش بۆ یەزدان، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام، کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم.
[22] لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم: «لەبەرچاوت نەماوم!» بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت، کە هاوارم بۆت هێنا.
[23] ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت! یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت، بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات.
[24] ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن، ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە.