[1] هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم، نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم.
[2] هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت، لەناو ئاسمان دڵسۆزیت دەچەسپێت.
[3] فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە، سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە،
[4] ”هەتاهەتایە وەچەت دەچەسپێنم، نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“»
[5] ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات، هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش دڵسۆزیت.
[6] چونکە لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟ لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟
[7] خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە، لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.
[8] ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟ تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.
[9] دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە، کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.
[10] وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت پان کردەوە، بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.
[11] ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش، گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.
[12] باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون، تابۆر و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.
[13] بازووت هەیە لەگەڵ توانا، دەستت بەهێزە، دەستە ڕاستەت بەرزە.
[14] ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن، خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.
[15] خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی دەکەن، ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن.
[16] بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن، بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،
[17] چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت، ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین.
[18] چونکە قەڵغانمان هی یەزدانە، پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
[19] جارێکیان لە بینینێکدا قسەت کرد، بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو: «هێزم بە پاڵەوان بەخشی، لەنێو گەل هەڵبژاردەم بەرزکردەوە.
[20] داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە، بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد .
[21] ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت، هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.
[22] دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت، نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.
[23] لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم، ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.
[24] دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە، بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.
[25] وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت، دەستە ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.
[26] هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی، خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“
[27] منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم، بەرزترین لە پاشایانی زەوی.
[28] هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم، پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.
[29] وا دەکەم هەتاهەتایە نەوەی هەبێت، تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.
[30] «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن، ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،
[31] ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن، ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،
[32] لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم، بە لێدان گوناهەکانیان،
[33] بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە، درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.
[34] پەیمانی خۆم ناشکێنم و قسەی خۆم ناگۆڕم.
[35] جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد، درۆ لەگەڵ داود ناکەم.
[36] هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،
[37] هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت، ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»
[38] بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا، لە دەستنیشانکراوەکەت تووڕەبوویت.
[39] پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد.
[40] هەموو شووراکانیت ڕووخاند، قەڵاکانیت کردە کاولگە.
[41] هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کردی، بوو بە ڕیسوایی لەنێو دراوسێکان .
[42] دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە، هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد.
[43] دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و لە جەنگدا سەرتنەخست.
[44] شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە، تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی.
[45] ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری.
[46] ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟ هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟
[47] لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە. بۆ چ مەبەستێک ئادەمیزادت بەدیهێناوە؟
[48] ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟ یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟
[49] ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت، کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟
[50] پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت، چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە،
[51] ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان، ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت کرا.
[52] هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە. q4 ئامین و ئامین.