Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:18

[1] ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە، نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.

[2] ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت، هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.

[3] کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو، تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.

[4] خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین! تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت، لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.

[5] بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە، ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،

[6] کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە، بە توانا چەکدارت کردووە،

[7] کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە، هەڵچوونی شەپۆلەکانیان، هەروەها ئاژاوەی گەلان.

[8] ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن. لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران، گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.

[9] بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت، زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت، جۆگەکانی خودا پڕ ئاون، دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت، چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.

[10] هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و تەخت و ڕێکیان دەکەیت، بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.

[11] بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.

[12] لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن، ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.

[13] مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن، دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان، لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

زەبوورەکان — Chapters