Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:33

[1] ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟ بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟

[2] بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن، گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.

[3] چونکە کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات، داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.

[4] بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە، هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»

[5] هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە، لە حوکمەکانی خودا ناگات، ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.

[6] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت، هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»

[7] دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە، بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.

[8] لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت، خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.

[9] وەک شێر خۆی مات دەکات، خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان، بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.

[10] نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن، دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.

[11] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە، چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»

[12] ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە، ستەملێکراوان لەبیر مەکە.

[13] چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟ بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»

[14] بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت، لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە، ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ، تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.

[15] بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە، تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.

[16] یەزدان پاشایە هەتاهەتایە، نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.

[17] ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت، دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،

[18] بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان، تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.

زەبوورەکان — Chapters