Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:02

[1] ئەی یەزدانی سوپاسالار، ماڵەکەت چەند خۆشە!

[2] گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە. لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.

[3] پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا، بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت، ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.

[4] خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن، هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.

[5] خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە، ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە ،

[6] کە بە دۆڵی فرمێسک تێدەپەڕن، دەیکەنە کانیاو، پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.

[7] لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە، تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.

[8] ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت، خودای یاقوب، گوێ شل بکە.

[9] ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان، سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت بکە.

[10] یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە. ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد، نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.

[11] چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە، یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت، ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.

[12] ئەی یەزدانی سوپاسالار، خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.

زەبوورەکان — Chapters