Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:51

[1] ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە، بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.

[2] بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و لە گوناهم پاکم بکەرەوە.

[3] چونکە من یاخیبوونم دەزانم، هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.

[4] لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد، لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد، تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت، دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.

[5] ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم، گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.

[6] ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت، لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.

[7] بە زوفا پاکم بکەرەوە پاک دەبم، بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.

[8] با گوێم لە شادی و خۆشی بێت، با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.

[9] چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و هەموو خراپەکانم بسڕەوە.

[10] ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.

[11] لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە، ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.

[12] شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە، بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.

[13] ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم، گوناهباران دەگەڕێنەوە لات.

[14] ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە، هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت.

[15] ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت.

[16] تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم، بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.

[17] قوربانییەکان بۆ خودا ڕۆحی شکاوە، ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.

[18] بە ڕەزامەندی خۆت چاکە لەگەڵ سییۆن بکە، شووراکانی ئۆرشەلیم بنیاد بنێوە.

[19] ئەوسا بە قوربانی ڕاستودروستی و بە قوربانی سووتاندنی تەواو دڵشاد دەبیت، ئەوسا گا لەسەر قوربانگاکەت پێشکەش دەکرێت.

زەبوورەکان — Chapters