[1] ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
[2] با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە، ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
[3] لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.
[4] هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان، ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
[5] برسی و تینوو بوون، گیانیان داهێزرا.
[6] ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
[7] ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست، بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
[8] با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
[9] چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد، گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.
[10] هەندێک لە دانیشووانی تاریکی و سێبەری مەرگ، دیلیێتی ئازار و ئاسن،
[11] چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون، سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
[12] لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە، کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
[13] ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
[14] لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان، کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
[15] با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
[16] چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند، شیشە ئاسنەکانی شکاند.
[17] هەندێک بوونە گێل و لە ڕێگای یاخیبوونیان و لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
[18] قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە، لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
[19] ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
[20] فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە، لە فەوتان دەربازی کردن.
[21] با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
[22] با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن، بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.
[23] هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا، ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.
[24] ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی، کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.
[25] بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا، شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.
[26] بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان، گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.
[27] وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون، نازانن چی دەکەن.
[28] ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
[29] ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی، شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.
[30] دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە، گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.
[31] با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
[32] لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە، لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.
[33] ڕووباری کردە بیابان و سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
[34] خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک، لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
[35] بیابانی کردە گۆمە ئاو و زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
[36] برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد، شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
[37] کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند، دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
[38] بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون، ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.
[39] ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە، لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.
[40] ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت، لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.
[41] بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە، بنەماڵەی ئەوانی وەک ڕانە مەڕ لێکرد.
[42] سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، هەموو خراپەیەک دەمی دەگیرێت.
[43] کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.