Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:09

[1] ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە چونکە خەڵک ڕاوم دەنێن، بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من دەجەنگن.

[2] دوژمنانم بە درێژایی ڕۆژ ڕاوم دەنێن، چونکە زۆرن ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە دەمچەوسێننەوە.

[3] کاتێک ترسم لێ دەنیشێت، من پشت بە تۆ دەبەستم.

[4] بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم، پشت بە خودا دەبەستم، من ناترسم، مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

[5] بە درێژایی ڕۆژ دەستکاری قسەکانم دەکەن، هەمیشە پیلان بۆ خراپەم دەگێڕن.

[6] گیروگرفت دەنێنەوە، خۆیان مات دەکەن، چاویان لە هەنگاوەکانمە، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بمکوژن.

[7] لە پێناوی تاوانیان سزایان بدە، ئەی خودایە، بە تووڕەیی خۆت گەلان ژێر بخە.

[8] خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی، فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە، ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟

[9] لەو ڕۆژەی هاوار بۆ تۆ دەکەم، دوژمنەکانم بەرەو پاش دەکشێنەوە. بەمە دەزانم کە خودا لەگەڵمە.

[10] بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم، بە یەزدان، کە ستایشی وشەکەی دەکەم،

[11] بە خودا پشت دەبەستم، من ناترسم. مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

[12] ئەی خودایە، نەزرەکانی خۆم بۆ تۆ بەجێدەهێنم، قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش دەکەم،

[13] چونکە تۆ لە مردن فریای گیانم کەوتی، پێیەکانی منت لە خلیسکان پاراست، تاکو دۆستایەتی لەگەڵ خودا بکەم و لە ڕووناکی ژیاندا بڕۆم.

زەبوورەکان — Chapters