Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:40

[1] دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت، کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە، زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.

[2] تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە، چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.

[3] ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە، شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.

[4] بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە، لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری، با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.

[5] با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن، با گەلان لەبەر پێت بکەون.

[6] ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.

[7] تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە، بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای، بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت .

[8] جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا و کاسیا بۆندار بووە، لە کۆشکی بە عاج ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.

[9] لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە لەلای دەستە ڕاستتە.

[10] ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە، گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.

[11] پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە، کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.

[12] دانیشتووانی شاری سور بە دیارییەوە دێن، خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.

[13] کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە، جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.

[14] بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن، یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ دێنن.

[15] بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن، دێنە ناو کۆشکی پاشا.

[16] کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە، دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.

[17] یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە، بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.

زەبوورەکان — Chapters