Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:10

[1] هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە، بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.

[2] ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن، سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.

[3] لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان.

[4] چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل، حوکمی خودای یاقوبە.

[5] لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا، کە لە خاکی میسر دەریهێنا. گوێمان لە زمانێکە کە تێنەگەیشتین:

[6] «بارم لەسەر شانەکانی لادا، دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.

[7] لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت، لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە، لە مێرگی مەریبا تاقیم کردیتەوە.

[8] ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە. ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!

[9] لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت، کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.

[10] من یەزدانی پەروەردگاری تۆم، کە لە خاکی میسر دەرمهێنای. دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.

[11] «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت، ئیسرائیل منی نەویست.

[12] منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان، بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.

[13] «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد، ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،

[14] هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن، دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!

[15] ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن، هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.

[16] باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت، لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»

زەبوورەکان — Chapters