[1] ئەی خودایە، ئەوەی ستایشت دەکەم، بێدەنگ مەبە،
[2] چونکە دەمی بەدکار و دەمی فریودەر لێم کراونەتەوە، بە زمانی درۆ قسەم لەسەر دەکەن.
[3] بە قسەی ڕقەوە دەوریان گرتووم، بەبێ هۆ لە دژم دەجەنگن.
[4] لە جیاتی خۆشەویستییەکەم دژایەتیم دەکەن، بەڵام من تەنها نوێژم کردووە.
[5] لە پاداشتی چاکە خراپەم لەگەڵ دەکەن، ڕقیش لە پاداشتی خۆشەویستیم.
[6] بەدکارێکی لەسەر دابنێ، با سکاڵاکار لەلای دەستە ڕاستی ڕاوەستێت.
[7] با لە دادگایی تاوانبار بکرێت، پاڕانەوەی ببێت بە گوناه بۆی.
[8] با ڕۆژگاری کورت بێت، یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت!
[9] با کوڕەکانی هەتیو بن، ژنی بێوەژن بێت.
[10] با کوڕەکانی سەرگەردان بن و سواڵ بکەن، لە ماڵە کاولەکانیان دەربکرێن.
[11] با هەرچی هەیەتی خاوەن قەرز بیبات، بێگانەش بەری ڕەنجی تاڵان بکەن.
[12] با کەس نەبێت دەستی خۆشەویستی بۆ درێژ بکات، کەس نەبێت دڵی بە هەتیوەکانی بسووتێت!
[13] با نەوەکانی ببڕێتەوە، ناوی لە نەوەی داهاتوو بسڕێتەوە!
[14] با تاوانەکانی باوباپیرانی بخرێنە بەردەم یەزدان، با گوناهەکانی دایکی نەسڕێنەوە!
[15] با هەمیشە لەبەردەم یەزدان بن هەتا یادیان لەسەر زەوی ببڕێتەوە!
[16] لەبەر ئەوەی بیری نەکردەوە کە خۆشەویستی نەگۆڕ بنوێنێت، بەڵکو کەسی هەژار و نەدار و دڵشکاوی ڕاوناوە و کوشتووە.
[17] حەزی لە نەفرەت لێکردن بوو، با بۆی بێت! دڵشاد نەبوو بە داوای بەرەکەت بۆ کردن، با لێی دووربکەوێتەوە!
[18] نەفرەتی وەک کراس لەبەرکردبوو، وەک ئاو چووە ناو لەشی، وەک ڕۆن چووە ناو ئێسقانەکانی.
[19] با وەک بەرگێک بێ لە خۆی بیپێچێتەوە، هەمیشە وەک پشتێنێک بێ لە خۆی بیبەستێت!
[20] با ئەمە کرێی یەزدان بێت بۆ سکاڵاکارانم، ئەوانەی بە خراپە لە دژی من دەدوێن.
[21] بەڵام تۆ ئەی یەزدانی پەروەردگار، لە پێناوی ناوی خۆت چاکەم لەگەڵ بکە، دەربازم بکە چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە.
[22] لەبەر ئەوەی من هەژار و نەدارم، دڵم لە ناخمدا بریندارە.
[23] وەک سێبەری ئێوارە دەڕۆم، وەک کوللە هەڵدەوەرێم.
[24] ئەژنۆم شل بووە لەبەر ڕۆژووگرتن، لەشم لاواز بووە لە کەمی چەوری.
[25] بووم بە سووکایەتی بۆیان، دەمبینن سەر بادەدەن.
[26] ئەی یەزدان، خودای من، یارمەتیم بدە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕزگارم بکە.
[27] با بزانن کە ئەمە دەستی تۆیە، ئەی یەزدان، کە تۆ ئەمەت کردووە.
[28] ئەوان نەفرەت دەکەن، بەڵام تۆ بەرەکەت دەدەیت، هەستان و شەرمەزار بوون، بەڵام خزمەتکاری تۆ دڵخۆش بوو.
[29] با سکاڵاکارانم بەرگی نامەردی بکەنە بەر، با شەرمەزاری وەک کەوا لە خۆیان بئاڵێنن.
[30] بە دەمی خۆم زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم، لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشی دەکەم.
[31] چونکە ئەو لە دەستە ڕاستی نەدار ڕادەوەستێت، بۆ ڕزگارکردنی لەوانەی حوکمی بەسەردا دەدەن.