[1] ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
[2] بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم، ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.
[3] کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن، لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن.
[4] چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم، دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.
[5] تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە، هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.
[6] دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە، شارەکانیان وێران کردووە، تەنانەت بیرەوەرییان نامێنێت.
[7] بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.
[8] بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
[9] یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
[10] ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.
[11] گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن نیشتەجێیە، لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن.
[12] چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە، هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.
[13] ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم! لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە ،
[14] تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ بە ستایشی تۆوە بدوێم، هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.
[15] نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو، پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
[16] یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە، بەدکارەکان دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.
[17] بەدکارەکان بەرەو جیهانی مردووان. دەڕۆن، هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
[18] بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن، ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.
[19] ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت، با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
[20] ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە، با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.