[1] یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە، لە کێ بترسم؟ یەزدان قەڵای ژیانی منە، لە کێ بتۆقم؟
[2] کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن، کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن، ساتمە دەکەن و دەکەون.
[3] ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات، دڵم ناترسێت. ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم، ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.
[4] داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم، ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم: کە هەموو ڕۆژانی ژیانم لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم، هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
[5] چونکە لە ڕۆژی بەڵا، لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە، بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت. بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.
[6] ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم، لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم، سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
[7] ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
[8] سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!» ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
[9] ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە، تۆ یارمەتیدەری من بوویت. ئەی خودای ڕزگارکەرم، ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
[10] تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن، یەزدان دەمگرێتە خۆی.
[11] ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە، لەبەر دوژمنەکانم.
[12] بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە، چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە، هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.
[13] من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە، کە لە خاکی زیندووان چاکەی یەزدان دەبینم.
[14] چاوەڕێی یەزدان بە، خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە، چاوەڕێی یەزدان بە.