Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 19:46

[1] خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە، ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.

[2] خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن، بە هەموو دڵەوە بەدوایدا دەگەڕێن.

[3] هەروەها خراپە ناکەن و بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.

[4] تۆ ڕێنماییەکانت داوە، بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.

[5] خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!

[6] ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم، کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.

[7] بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم، کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.

[8] فەرزەکانت بەجێدەهێنم، بە تەواوی وازم لێ مەهێنە.

[9] گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟ بە پاراستنی وشەکانت.

[10] بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم، مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.

[11] وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە، تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.

[12] ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ! فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

[13] بە لێوەکانی خۆم، باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.

[14] بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم، وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.

[15] لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە، چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.

[16] بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم، وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.

[17] چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە، تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.

[18] چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم، کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.

[19] من نامۆم لە زەوی، ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.

[20] گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.

[21] سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد، کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.

[22] ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە، چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.

[23] هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن، بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.

[24] یاساکانت شادمانی منن، ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.

[25] گیانم بە خۆڵەوە نووساوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

[26] باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

[27] ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

[28] گیانم لە خەفەتان توایەوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.

[29] ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.

[30] ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە، حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.

[31] دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم، ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!

[32] بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم، چونکە دڵی منت ئازاد کرد.

[33] ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە، هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.

[34] تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم، بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.

[35] بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت، چونکە دڵخۆشم دەکەن.

[36] دڵم بخەرە سەر یاساکانت، نەک سەر قازانج.

[37] چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ، لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.

[38] بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی، ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.

[39] ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم، چونکە حوکمەکانت چاکن.

[40] ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم، بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.

[41] ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت، ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،

[42] جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات، چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.

[43] وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە، چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.

[44] بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم، هەتاهەتایە و هەتاسەر.

[45] بە ئازادی دەڕۆم، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.

[46] لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم، شەرمەزاریش نابم.

[47] خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم، چونکە حەزم لێیانە.

[48] دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت، سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.

[49] پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت، چونکە هیوات پێم داوە.

[50] لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.

[51] لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن، بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.

[52] ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد، دڵنەواییم هاتەوە.

[53] لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا، ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.

[54] فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم، لە ماڵی ئاوارەییم.

[55] ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.

[56] ئەم نەریتە بۆ من بوو: ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.

[57] ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.

[58] بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.

[59] لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.

[60] خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.

[61] گوریسی بەدکارەکان منیان بەستاوەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.

[62] لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.

[63] من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.

[64] ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

[65] ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.

[66] هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.

[67] بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.

[68] تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

[69] لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.

[70] دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.

[71] چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.

[72] فێرکردنی دەمی تۆ، لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.

[73] دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم، تێمبگەیەنە هەتا فێری ڕاسپاردەکانت بم.

[74] ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن، چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.

[75] ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلیت کردم.

[76] با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.

[77] با بەزەییت بێتە لام بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.

[78] با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.

[79] با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من، ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.

[80] با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت، بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.

[81] گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.

[82] چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»

[83] هەرچەندە وەک مەشکەیەکی پڕ دووکەڵم لێهاتووە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.

[84] خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟

[85] لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!

[86] هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!

[87] وەختە لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.

[88] بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.

[89] ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە.

[90] دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت.

[91] ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.

[92] ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.

[93] هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە.

[94] من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە بەدوای ڕێنماییەکانی تۆدا گەڕاوم.

[95] بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە هەتا بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.

[96] بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.

[97] چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.

[98] بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.

[99] لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.

[100] لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.

[101] پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.

[102] لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.

[103] بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.

[104] لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

[105] وشەکانی تۆ چران بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام.

[106] سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.

[107] ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

[108] ئەی یەزدان، بە ستایشە خۆویستەکانی دەمم ڕازی بە، حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.

[109] هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.

[110] بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.

[111] یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن.

[112] دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.

[113] ڕقم لە کەسانی دوودڵە، حەزم لە فێرکردنی تۆیە.

[114] تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت، هیوام بە بەڵێنی تۆیە.

[115] ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە، تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.

[116] بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم، لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.

[117] پشتم بگرە و ڕزگاردەبم، هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.

[118] هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە، چونکە فێڵەکەیان پووچە.

[119] هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە.

[120] لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم.

[121] دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە، ڕادەستی زۆردارم مەکە.

[122] بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت، با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.

[123] چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت، بۆ بەڵێنی ڕاستودروستیت .

[124] بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

[125] من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە، بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.

[126] کاتی کارکردنە بۆ یەزدان، چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.

[127] لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،

[128] هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم، ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

[129] یاساکانت سەرسوڕهێنەرە، بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.

[130] ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت، تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.

[131] دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە، چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.

[132] ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، وەک حوکمت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.

[133] هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە، مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.

[134] لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.

[135] ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

[136] جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت، چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.

[137] ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت، حوکمەکانت ڕاستن.

[138] ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و بە تەواوی جێی متمانەن.

[139] دڵگەرمیم سووتاندمی، چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.

[140] بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە، خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.

[141] من بچووک و ڕیسوام، بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.

[142] ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و فێرکردنت ڕاستە.

[143] تەنگانە و ناخۆشیم تووشبووە، بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.

[144] یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن، تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.

[145] پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم.

[146] هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم.

[147] پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.

[148] بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.

[149] بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.

[150] پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوورکەوتوونەتەوە.

[151] بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.

[152] لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.

[153] سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.

[154] پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.

[155] ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.

[156] ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.

[157] دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.

[158] خیانەتکارانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.

[159] ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.

[160] هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.

[161] میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە، بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.

[162] بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم، وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.

[163] ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە، بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.

[164] ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم، بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.

[165] ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن، هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.

[166] ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە، ڕاسپاردەکانی تۆم پەیڕەو کرد.

[167] گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات، چونکە زۆر حەزم لێیەتی.

[168] ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم، چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.

[169] ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت، بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.

[170] با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت، بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.

[171] با لێوم ستایشی لێ بڕژێت، چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.

[172] با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ، چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.

[173] با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم، چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.

[174] ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێرکردنت شادی منە.

[175] با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم، حوکمەکانت یارمەتیم بدات.

[176] وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم، بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ، چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.

زەبوورەکان — Chapters