[1] گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی.
[2] گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
[3] لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
[4] چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
[5] چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
[6] شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.
[7] ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
[8] ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.
[9] کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە، ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن.
[10] لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات! جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت، بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»
[11] با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
[12] با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،
[13] لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی، گەلانیش بە دڵسۆزی.