[1] ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات، گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
[2] ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن، شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
[3] هیچ قسە و زمانێکیان نییە، دەنگیان نابیسترێت،
[4] بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان. لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
[5] کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە، وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
[6] لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری، هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
[7] فێرکردنی یەزدان تەواوە، دەروون دەبووژێنێتەوە. شەریعەتی یەزدان جێی متمانەیە، ساویلکە دەکەنە دانا.
[8] ڕێنمایی یەزدان دروستە، دڵ خۆش دەکات. ڕاسپاردەی یەزدان پاکە، چاو ڕۆشن دەکات.
[9] لەخواترسی بێگەردە، هەتاهەتایە سەقامگیرە. حوکمی یەزدان ڕاستە، بە تەواوی ڕاستودروستە.
[10] ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن، لە زێڕی بێگەردی زۆر، لە هەنگوین شیرینترن، لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
[11] خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە، پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
[12] کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟ گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
[13] خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە، وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت. ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم، لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
[14] با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم جێی ڕەزامەندی تۆ بێت، ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم .