[1] ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشت، ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بە توانا دەمێنێتەوە،
[2] بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی، خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»
[3] چونکە لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات، لە دەرد و بەڵای کوشندە.
[4] بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت، لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.
[5] نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،
[6] نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت، نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.
[7] هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە، دە هەزار لەلای دەستە ڕاستت، بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.
[8] بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و سزای بەدکاران دەبینیت.
[9] چونکە یەزدانت کرد بە پەناگات، هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،
[10] هیچ خراپەت بەسەرنایەت و هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.
[11] لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،
[12] لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.
[13] پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت، بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.
[14] یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم، دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت .
[15] نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە، لە تەنگانە لەگەڵیدام، دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
[16] بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم، ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»