[1] ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ، پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە، ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
[2] تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
[3] لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن، کەس نەبوو بیاننێژێت.
[4] بووین بە پەندی دراوسێکانمان، بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.
[5] ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟ هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
[6] تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن، بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
[7] چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە، نیشتیمانیان خاپوور کردووە.
[8] گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە، با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت، چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
[9] ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە، لەبەر شکۆی ناوی خۆت. دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە، لە پێناوی ناوی خۆت.
[10] بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا خوداکەیان؟» با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە.
[11] با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات، بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە.
[12] ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی دراوسێکانمان پێیان کردی، لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە.
[13] ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ، هەتاهەتایە ستایشت دەکەین، نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.