Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:04

[1] ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و منت ناسی.

[2] هەستان و دانیشتنی منت زانیوە، لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.

[3] ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە، شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.

[4] ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت، تۆ بە تەواوی دەیزانی.

[5] لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم، دەستت دەخەیتە سەرم.

[6] ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە، لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

[7] بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟ بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟

[8] ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی، ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.

[9] ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم، ئەگەر لەوپەڕی دەریا نیشتەجێ بم،

[10] لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات، دەستە ڕاستەت بە خۆیەوە دەمگرێت.

[11] ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت، ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»

[12] ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت، شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت، تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.

[13] چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە، لەناو سکی دایکم منت چنیوە.

[14] ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم، کارەکانت سەرسوڕهێنەرن، لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.

[15] ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو، کاتێک لە پەنهانی دروستکرام، لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.

[16] هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی. هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا، لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون، پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.

[17] ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە! کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!

[18] ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن. کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.

[19] خودایە، خۆزگە بەدکارەکانت دەکوشت! ئەی خوێنڕێژەکان، لێم دووربکەونەوە!

[20] ئەوانەی بە خراپە باست دەکەن، سکاڵاکاران بەبێ هۆ لێت هەستاون!

[21] ئەی یەزدان، ئایا ڕقم لەوانە نەبێت کە ڕقیان لە تۆیە؟ ئایا قێزم لەوانە نەبێتەوە کە لە دژی تۆ دەوەستن؟

[22] بە تەواوی ڕقم لێیانە، بوون بە دوژمنم.

[23] خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە! تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.

[24] سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە، ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.

زەبوورەکان — Chapters