Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:07

[1] بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد، ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.

[2] لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە، لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام. پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.

[3] گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم، سروودێکی ستایش بۆ خودامان. زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و پشت بە یەزدان دەبەستن.

[4] خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت، ڕوو لە لووتبەرزان ناکات، لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.

[5] ئەی یەزدان، خودای من، زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە. ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت، ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە، ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.

[6] بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت، بەڵکو گوێی منت کردەوە، داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.

[7] ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.

[8] ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم، فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»

[9] لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم، ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت، دەمی خۆم ناگرم.

[10] ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە، باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.

[11] ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە، با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.

[12] چونکە بێشومارە بەڵا دەوری داوم، گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم. لە مووی سەرم زیاترن، ورەم بەرداوە.

[13] یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم، یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.

[14] با هەموو شەرمەزار و سووک بن، ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی. ببەزن و ڕیسوا بن ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.

[15] با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن، ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»

[16] با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت، شاد و دڵخۆش بن. با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!» ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.

[17] بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم، با پەروەردگار بایەخم پێبدات. یارمەتی و دەربازکەرم تۆی، ئەی خودای من، دوا مەکەوە.

زەبوورەکان — Chapters