Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:52

[1] ئەی خودایە، ڕزگارم بکە، چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.

[2] لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم، جێی پێی تێدا نییە. چوومەتە ناو قووڵایی ئاو، لافاو ڕایماڵیوم.

[3] ماندوو بووم لە هاوارکردن، گەرووم ژان دەکات، چاوەکانم کز بوون هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.

[4] ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە لە مووی سەرم زۆرترن، زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن، ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن. ئەوەی نەمدزیوە ئێستا دەبێت بیدەمەوە.

[5] ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت، تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.

[6] ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە، بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن. ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەوانەی بەدوای تۆدا دەگەڕێن، بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن.

[7] لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت، شەرمەزاری ڕووی داگرتم.

[8] لەلای براکانم بووم بە بیانی، لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە.

[9] دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت، جنێوی ئەوانەی ڕیسوات دەکەن کەوتە سەر من.

[10] کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە، بوو بە سووکایەتی بۆم.

[11] جلوبەرگی گوشم پۆشی، بووم بە پەند لەلایان،

[12] بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن ، مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن.

[13] ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە، لە کاتی ڕەزامەندیت، ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.

[14] دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم، لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.

[15] با لافاو ڕام نەماڵێت، قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت، زەوی قووتم نەدات.

[16] ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە، بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،

[17] ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە، چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە.

[18] لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە، لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە.

[19] تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت، هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن.

[20] ڕیسوایی دڵی شکاندووم، نەخۆش کەوتووم، چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو، چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت.

[21] ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا، لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام.

[22] با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان، ببێتە سزا و تەڵەیان.

[23] با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.

[24] هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە، با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ.

[25] با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت، کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت!

[26] چونکە ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن.

[27] تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان، بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت.

[28] لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە، لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.

[29] ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام، با ڕزگاریت بەرزم بکاتەوە.

[30] بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم، بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.

[31] ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە، لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.

[32] هەژاران دەبینن و شاد دەبن، ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!

[33] چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت، بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.

[34] با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن، دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،

[35] چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە، لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،

[36] دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی، ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.

زەبوورەکان — Chapters