[1] ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
[2] بە ساز ستایشی یەزدان بکەن، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
[3] سروودێکی نوێی بۆ بڵێن، بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.
[4] چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕاستە، لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
[5] یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت، زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
[6] بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا، بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
[7] ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
[8] با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت، با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
[9] چونکە کە فەرمووی، پەیدا بوو، فەرمانی دا، بوو.
[10] یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە، تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
[11] بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت، تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.
[12] خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە، بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
[13] یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ، هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
[14] لە نشینگەکەی خۆیەوە چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
[15] ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە، ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
[16] هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت، هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
[17] ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون، بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
[18] بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە.
[19] بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.
[20] ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین، یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
[21] دڵمان بەو خۆشە، چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
[22] ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت، بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.