Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:24

[1] هەلیلویا! چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان! ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!

[2] یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە، ڕاپێچکراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.

[3] دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و برینیان ساڕێژ دەکات.

[4] ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.

[5] پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە، تێگەیشتنی بێ سنوورە.

[6] یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.

[7] بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.

[8] ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت، باران بۆ زەوی ئامادە دەکات، گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،

[9] خۆراکی ئاژەڵ و بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.

[10] یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت، بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،

[11] بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.

[12] ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە، ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.

[13] یەزدان شمشیرەی دەروازەکانت بەهێز دەکات، کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.

[14] لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات، لە باشترین گەنم تێرت دەکات.

[15] فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت، پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.

[16] بەفر وەک خوری دەبارێنێت، زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.

[17] تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا. کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟

[18] پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە. بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.

[19] پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت، فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.

[20] ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە، حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە. هەلیلویا!

زەبوورەکان — Chapters