[1] ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم، چونکە هەڵتکێشام و نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
[2] ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا، تۆش چاکت کردمەوە.
[3] ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە، منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
[4] ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
[5] چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە، بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە. ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت، بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
[6] کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم: «هەرگیز نالەقێم.»
[7] ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت، منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند، بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە، پەرێشان بووم.
[8] ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا، من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
[9] «مەرگی من سوودی چی تێدایە، ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟ ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟ ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
[10] ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە! ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
[11] تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی، جلوبەرگی گوشت لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
[12] بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت. ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.