[1] ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟ بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟
[2] کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە، هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە، ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.
[3] هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی، هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.
[4] ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان، ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.
[5] لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە، لەسەر داری دارستانەکان.
[6] بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند، هەموو نەخشێنراوەکان.
[7] ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا، ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.
[8] لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!» هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.
[9] پەرجووەکانمان نابینین و هیچ پێغەمبەرێک نەماوە، کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.
[10] ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟ ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟
[11] بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟ دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!
[12] بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی، دروستکەری ڕزگاریت لەناوەڕاستی زەوی.
[13] تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد، سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.
[14] تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت وردوخاش کرد، کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.
[15] تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە، تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.
[16] ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە، تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.
[17] هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون، تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.
[18] ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد، گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.
[19] گیانی کۆترەکەت مەدە زیندەوەرەکان، هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.
[20] پەیمانی خۆت لەبیر بێت، چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.
[21] ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە. با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.
[22] ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە! لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.
[23] قسەی دژەکانت لەبیر مەکە، ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.