Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:54

[1] ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە، لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،

[2] ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین.

[3] زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە، ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.

[4] ئەی یەزدان، لە دەست بەدکار ئاگادارم بە، لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە، ئەوانەی پیلانیان داناوە بۆ ئەوەی قاچم بخلیسکێنن.

[5] لووتبەرزان تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، پەت و تۆڕیان بڵاو کردووەتەوە، لە دەم ڕێگا داویان بۆم ناوەتەوە.

[6] بە یەزدانم گوت: «تۆ خودای منی!» ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە.

[7] ئەی یەزدانی پەروەردگار، هێزی ڕزگاریم، لە ڕۆژی شەڕدا سەری منت داپۆشی.

[8] ئەی یەزدان، ئارەزووەکانی بەدکار مەهێنە دی، لێمەگەڕێ پیلانەکانی سەربگرێت، بۆ ئەوەی لووتبەرز نەبن.

[9] با سەری ئەوانەی دەوریان داوم بە خراپەی لێویان بپۆشرێن،

[10] با پشکۆیان بەسەردا ببارێت، بکەونە ناو ئاگرەوە، بکەونە ناو چاڵەوە، ڕاست نەبنەوە.

[11] با بوختانکەر لەسەر زەوی جێگیر نەبێت، با کەسی توندوتیژ ببێتە نێچیری خراپە.

[12] دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران، ماف دەدات بە نەداران.

[13] بێگومان ڕاستودروستان ستایشی ناوت دەکەن، سەرڕاستان لە ئامادەبوونت دادەنیشن.

زەبوورەکان — Chapters