[1] ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم، گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
[2] بە نموونە دەمم دەکەمەوە، مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
[3] ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە، ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
[4] ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە، بەڵکو بە نەوەی داهاتوو، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین، هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
[5] لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی دامەزراند، لەناو ئیسرائیل تەورات، کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
[6] بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت، ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن، ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
[7] ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت، کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ، بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.
[8] بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن، نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق، نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا، ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.
[9] ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو، لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
[10] پەیمانی خودایان شکاند، بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
[11] کردارەکانی خودایان لەبیر کرد، ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
[12] لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد، لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن .
[13] دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە، وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
[14] بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن، بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
[15] لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان، ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
[16] جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند، وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.
[17] بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی، لە یاخیبوون لە دژی هەرەبەرز لە بیابان.
[18] لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
[19] لە دژی خودا دوان، گوتیان: «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
[20] ئەوەتا لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا، جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا! ئایا دەتوانێت نانیش بدات و گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
[21] کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو، ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب، هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
[22] چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
[23] جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی، دەرگای ئاسمانی کردەوە،
[24] مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
[25] مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد، ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
[26] لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد، بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
[27] وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند، وەک لمی دەریاکان پەلەوەڕی باڵدار.
[28] باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان، لە دەوروبەری چادرەکانیان.
[29] خواردیان و زۆر تیر بوون، ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
[30] بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن، هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
[31] تووڕەیی خودا لێیان هەستا، هەرە بەهێزەکانی کوشتن و باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.
[32] لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە، بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
[33] بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن، بە تۆقاندن ساڵانیان.
[34] ئەگەر بیانکوژێت بەدوای دەکەون، بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
[35] بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە، خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە .
[36] بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن، بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
[37] دڵیان لەلای ناچەسپێت، دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
[38] ئەویش بەزەییدارە و لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت. زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە، هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
[39] بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن، بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.
[40] چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون، لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
[41] جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان ئەزیەت دا.
[42] دەستی ئەویان لەبیرچوو، ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
[43] ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا، لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
[44] ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن، بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
[45] مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان، بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
[46] بەروبوومی ئەوانی دا بە سن، بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
[47] بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
[48] گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
[49] گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا، بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
[50] ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد، مردنی لێ نەگێڕانەوە، ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
[51] لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام .
[52] ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا، وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
[53] بەبێ ترس بەرەو ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن، بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
[54] بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز، ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستەی بەدەستیهێنا.
[55] نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن، میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن، هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.
[56] بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون، یاساکەیان شکاند.
[57] هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد، وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
[58] بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد، بە بتەکانیان ئیرەیی ئەویان جۆشاند.
[59] خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو، بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
[60] چادری پەرستنی شیلۆی بەجێهێشت، ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
[61] سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست، هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
[62] گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر، لە میراتەکەی تووڕە بوو.
[63] گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین، کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
[64] کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن، بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.
[65] ئەوسا پەروەردگار وەک خەوتووێک هەستا، وەک پاڵەوانێک لە سەرخۆشی بەهۆش بێتەوە.
[66] لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە، کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
[67] خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە، هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
[68] بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد، کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
[69] وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا، وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
[70] داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
[71] لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای، بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی، ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
[72] ئەویش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن، بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.