[1] هەلیلویا! ستایشی ناوی یەزدان بکەن، ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
[2] ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون، لە حەوشەی ماڵی خودامان.
[3] ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
[4] چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.
[5] من دەزانم یەزدان مەزنە، پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
[6] یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات، لە ئاسمان و لەسەر زەوی، لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
[7] لە بنی دنیاوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات و لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.
[8] ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
[9] ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد، لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
[10] ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و پاشا بە تواناکانی کوشت.
[11] سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان و عۆگی پاشای باشان و هەموو پاشاکانی کەنعان
[12] خاکەکەیانی کردە میرات، میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.
[13] ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە، ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
[14] چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت، میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.
[15] بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن.
[16] دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
[17] گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، هەناسە لە دەمیان نییە.
[18] دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
[19] ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
[20] ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
[21] ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن، بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە. هەلیلویا!