[1] ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی بەبیر خۆت بهێنەوە.
[2] ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد، نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
[3] «شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکم، نەچمە ناو نوێنەکەم،
[4] خەو نەدەم بە چاوەکانم، پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
[5] تاکو شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم، نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»
[6] ئەوەتا لە ئەفراتە هەواڵی ئەومان بیست، لەناو کێڵگەکانی «یاعەر» دۆزیمانەوە:
[7] «با بچینە نشینگەکەی، با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
[8] ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت، خۆت و سندوقی هێزت .
[9] با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن، خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»
[10] لە پێناوی داودی بەندەی خۆت، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە.
[11] یەزدان بە ڕاستی سوێندی بۆ داود خوارد و لێی پاشگەز نابێتەوە: «لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
[12] ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن، هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم، ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»
[13] چونکە یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
[14] «هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە، لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
[15] بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم، هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
[16] ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی، خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.
[17] «لەوێ هێز بە داود دەبەخشم، چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم ئامادە دەکەم.
[18] شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی، بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»