[1] ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
[2] بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە. گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
[3] بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا، هەمیشە پەنای بۆ ببەم. فەرمانی ڕزگاریی من بدە، چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
[4] ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران، لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
[5] ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت، لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
[6] لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە، تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام، ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
[7] بووم بە پەند لەلای زۆر کەس، بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
[8] دەمم پڕە لە ستایشی تۆ، لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.
[9] لە کاتی پیری فڕێممەدە، کە هێزم لەبەر نەما وازم لێمەهێنە.
[10] چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن، ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
[11] دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە، ڕاوی بنێن و بیگرن، چونکە دەربازکەری نییە.»
[12] خودایە، لێم دوور مەکەوە، ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
[13] با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن، با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
[14] بەڵام من هەمیشە هیوادارم، هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.
[15] دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات، بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات، هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.
[16] دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم، تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.
[17] خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم، هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
[18] خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم، وازم لێ مەهێنە، هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم، هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.
[19] خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە، ئەوەی تۆ کردت زۆر مەزنە. ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟
[20] تۆ بووی تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام، دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە، لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.
[21] مەزنێتیم زیاتر دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.
[22] ئەی خودای من، منیش بە ساز ستایشی دڵسۆزیت دەکەم، ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل، بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.
[23] لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن، کە گۆرانیت بۆ دەڵێم، هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.
[24] زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات، چونکە شەرمەزار و سووک بوون، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.