[1] چاکە ستایشی یەزدان بکرێت، گۆرانی گوتن بۆ ناوت، ئەی هەرەبەرز،
[2] بەیانییان خۆشەویستی نەگۆڕت ڕابگەیەنرێت و دڵسۆزیت بە شەوان،
[3] بە قیسارەی دە ژێیی، بە ئاوازی ساز.
[4] چونکە ئەی یەزدان، بە کردارەکانت دڵخۆشت کردووم، هەلهەلە لێدەدەم بۆ کارەکانی دەستت.
[5] ئەی یەزدان، کردارەکانت چەندە مەزنە! بیرکردنەوەی تۆ چەندە قووڵە!
[6] مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت، نەزانیش ئەمە تێناگات:
[7] هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و هەموو بەدکاران چرۆ بکەن، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
[8] بەڵام ئەی یەزدان، تۆ هەمیشە بەرزیت.
[9] ئەی یەزدان، چونکە بێگومان دوژمنەکانت، بێگومان دوژمنەکانت دەفەوتێن و هەموو بەدکاران پەرتەوازە دەبن.
[10] بەڵام وەک گای کێوی بەهێز بووم، بە ڕۆنی گرانبەها چەور کرام.
[11] بە چاوی خۆم بەزینی دوژمنانم دەبینم، گوێم لە بەزینی ئەوانە دەبێت کە بە خراپە دژم هەستاون.
[12] ڕاستودروستان وەک دار خورما گەشە دەکەن، وەک ئورزی لوبنان گەشە دەکەن،
[13] لە ماڵی یەزدان ڕواون، لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن.
[14] بە پیریش هەر بەریان دەبێت، هەمیشە تەڕ و سەوزن،
[15] بۆ ئەوەی ڕابگەیەنن کە یەزدان ڕاستودروستە، تاشەبەردمە و خراپە لە ئەودا نییە.