[1] یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە، لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.
[2] کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا، خۆشی هەموو زەوییە، وەک لووتکەی شاخی چافۆن ، شاری پاشای گەورەیە .
[3] خودا لەناو قەڵاکانی وەک پەناگایەک ناسراوە.
[4] ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە، ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
[5] کە بینییان تاسان، بە ترسەوە هەڵاتن.
[6] لەوێ لەرزیان لێهات، ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
[7] وەک کەشتییەکانی تەرشیش تێکت شکاندن، بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.
[8] هەروەک بیستمان، ئاواش بینیمان لە شاری یەزدانی سوپاسالار، لە شاری خودامان: «خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»
[9] ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
[10] ئەی خودایە، وەک ناوت ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی، دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
[11] کێوی سییۆن شادمان دەبێت، کچانی یەهودا دڵخۆش دەبن بەهۆی دادوەرییەکانت.
[12] بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە، قوللەکانی بژمێرن،
[13] لە شووراکانی وردبنەوە، بڕواننە قەڵاکانی، هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.
[14] هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە، تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.