[1] ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە، کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
[2] ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە، ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
[3] ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت، پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
[4] دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە، لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
[5] چونکە بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن، لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
[6] خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان ، مۆئاب و هاجەرییەکان،
[7] جوبەیل و عەمۆن و عەمالێق ، فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
[8] هەروەها ئاشوریش چووەتە پاڵیان، بوونە بازووی بەهێزی نەوەی ڵوت .
[9] هەروەک چیت لە میدیان کرد ئاوایان لێ بکە، هەروەک چیت لە سیسرا و یاڤین کرد لە ڕووباری قیشۆن ،
[10] کە لە کانی دۆر فەوتان، بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
[11] گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ لێ بکە، هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و چەلموناع ،
[12] ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا دەکەینە موڵکی خۆمان.»
[13] ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز، وەک کای دەم بایان لێ بکە.
[14] وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت، وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
[15] ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ، بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
[16] ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە، تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
[17] هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم، ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
[18] با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە، لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!