Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:11

[1] یەزدانم خۆشدەوێت، چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،

[2] چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد، هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.

[3] تۆڕی مەرگ دەوری دام، ناخۆشی جیهانی مردووان کەوتە سەرم، دەرد و تەنگانەم چێژت.

[4] بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە: «ئەی یەزدان، تکات لێ دەکەم، گیانم دەرباز بکە!»

[5] یەزدان میهرەبان و ڕاستودروستە، خودامان بە بەزەییە.

[6] یەزدان چاودێری خەڵکی ساکار دەکات، کاتێک زەلیل بووم، ئەو ڕزگاری کردم.

[7] ئەی گیانی من، بگەڕێوە بۆ ئارامی خۆت، چونکە یەزدان چاکەی بەسەرتدا باراند.

[8] تۆ گیانی منت لە مردن ڕزگار کرد، چاوەکانم لە فرمێسک، پێیەکانم لە خزان،

[9] تاکو دۆستایەتی یەزدان بکەم لە خاکی زیندووان.

[10] باوەڕم کرد، بۆیە قسەم کرد: «من زۆر دەردەدارم!»

[11] من لە کاتی تۆقینەکەمدا، گوتم: «مرۆڤ هەموو درۆزنن!»

[12] چی بدەمەوە یەزدان، بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.

[13] جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.

[14] نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.

[15] یەزدان مردنی خۆشەویستانی لەبەرچاو سەنگینە.

[16] ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم، من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت، تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.

[17] قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم، بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.

[18] نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،

[19] لە حەوشەی ماڵی یەزداندا، لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم. هەلیلویا!

زەبوورەکان — Chapters