Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:55

[1] ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.

[2] ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:

[3] ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت، لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،

[4] ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،

[5] ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە، تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.

[6] یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات، دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.

[7] ڕێگای خۆی بە موسا ناساند، کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:

[8] یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.

[9] تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە، تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.

[10] بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.

[11] وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.

[12] وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە، یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

[13] وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە، یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن.

[14] چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین، لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین.

[15] مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە، وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات.

[16] چونکە بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت، ئاسەواریشی دیار نابێت.

[17] بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،

[18] بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن، ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن.

[19] یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.

[20] ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن، ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن.

[21] ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو دەکەن.

[22] ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

زەبوورەکان — Chapters