Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:02

[1] خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.

[2] لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە، خودا پڕشنگ دەدات.

[3] خودامان دێت و بێدەنگ نابێت، ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت، گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.

[4] بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی، هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:

[5] «بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم ، کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»

[6] ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، چونکە خودا خۆی دادوەرە.

[7] «ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم، ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم: من خودام، خودای تۆم.

[8] سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت، قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.

[9] من پێویستیم بە گای ماڵەکەت نییە، پێویستیم بە گیسکی ناو پشتیرەکەت نییە،

[10] چونکە هەموو گیانلەبەرانی دارستان هی منن، هەروەها مێگەلەکانی سەر هەزارەها گرد.

[11] هەموو باڵندەی چیاکان دەزانم، هەموو زیندەوەرانی دەشتودەر هی منن.

[12] ئەگەر برسی بم، بە تۆ ناڵێم، چونکە جیهان و هەرچی تێیدایە هی منە.

[13] ئایا من گۆشتی گا دەخۆم، یان خوێنی گیسک دەخۆمەوە؟

[14] «قوربانی سوپاسگوزاری بۆ خودا بکە، نەزرەکانت بەرامبەر هەرەبەرز بهێنە دی،

[15] لە ڕۆژی تەنگانەدا نزام بۆ بکە، دەربازت دەکەم و شکۆدارم دەکەیت.»

[16] بەڵام خودا بە بەدکار دەڵێ: «تۆ کێیت باسی فەرزەکانم دەکەیت، یان پەیمانی منت بەسەر زماندا دێت؟

[17] تۆ کە ڕقت لە تەمبێکردنە و فەرمایشتی منت پشتگوێ خستووە.

[18] کاتێک دزێک ببینیت، بە کردارەکەی ڕازی دەبیت، بەشت لەگەڵ داوێنپیسانە.

[19] دەمت بە خراپە دەکەیتەوە، زمانت فێڵبازی دادەهێنێت.

[20] دادەنیشیت و لە دژی براکەت قسە دەکەیت، بوختان بۆ کوڕی دایکت هەڵدەبەستیت.

[21] ئەمانەت کردووە و من بێدەنگ بووم، وات زانی منیش وەک تۆم. بەڵام من سەرزەنشتت دەکەم و ڕووبەڕوو تاوانبارت دەکەم.

[22] «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن، دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.

[23] ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات، ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»

زەبوورەکان — Chapters