Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:35

[1] ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت، گیانم تینووی تۆیە، جەستەم شەیدای تۆیە، لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.

[2] لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.

[3] لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە، لێوەکانم ستایشت دەکەن.

[4] بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم، بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.

[5] گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ و چەوری، بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.

[6] لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم، بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.

[7] چونکە تۆ هاریکارم بوویت، لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.

[8] گیانم بە تۆوە بەندە، دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

[9] بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن، بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.

[10] ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.

[11] بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت، هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن، چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.

زەبوورەکان — Chapters