[1] ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە، من هەژار و نەدارم.
[2] ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم، تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە، ئەوەی پشتی پێت بەستووە.
[3] ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.
[4] گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە، ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
[5] ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت، پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.
[6] ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.
[7] لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم، چونکە بە هاوارمەوە دێیت.
[8] ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟ کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟
[9] ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون، دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و ناوت شکۆدار دەکەن.
[10] چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە، هەر تەنها تۆ خودایت.
[11] ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم، دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
[12] ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
[13] چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من، گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.
[14] ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون، تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن، تۆ لەبەرچاو ناگرن.
[15] بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت، پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی.
[16] ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
[17] نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە، بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن، ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.