[1] ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
[2] وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
[3] وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە. هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت، بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
[4] بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت، بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
[5] زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە، هەتاهەتایە نالەقێت.
[6] تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی، لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
[7] بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن، لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
[8] بەسەر چیاکان کەوتن و شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان، بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
[9] سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن، نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
[10] کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە، بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
[11] هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن، کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
[12] باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات، لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
[13] لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت، زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
[14] گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت، سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
[15] مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی، ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی، نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
[16] درەختەکانی یەزدان تێر دەبن، ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
[17] ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات، لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
[18] چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی، تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.
[19] مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان، خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
[20] تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو، هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
[21] بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن، بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
[22] کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە، لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
[23] مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری، بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.
[24] ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
[25] ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
[26] لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن، لیڤیاتان ، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
[27] ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
[28] پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە، دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
[29] ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
[30] کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت، ئەوان بەدیهێنراون، ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
[31] با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت، با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
[32] ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت، دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
[33] بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم، تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
[34] با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای، منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
[35] بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە، با بەدکاران ئیتر نەمێنن. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. هەلیلویا!