Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:02

[1] ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە، گوێ لە پاڕانەوەم بگرە، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت وەڵامم بدەوە.

[2] لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی، چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.

[3] چونکە دوژمن ڕاوم دەنێت، ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە، لەناو تاریکی داینیشاندووم وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.

[4] ڕۆحم بێ ورە دەبێت، لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.

[5] ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم، لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە، سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.

[6] دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە، گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.

[7] ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە، ڕۆحم لەناودەچێت، ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.

[8] با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت، چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم. ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

[9] ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە، هانا بۆ تۆ دەهێنم.

[10] فێرم بکە بە ڕەزامەندی تۆ بهێنمە دی، چونکە تۆ خودای منی. ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم دەکات لە زەوییەکی ڕاست.

[11] ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە، بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.

[12] بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە، هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن، چونکە من خزمەتکاری تۆم.

زەبوورەکان — Chapters