[1] ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
[2] گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
[3] شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
[4] پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
[5] باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
[6] ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
[7] ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
[8] بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
[9] ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
[10] وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
[11] فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.»
[12] ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
[13] لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
[14] لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
[15] «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
[16] قاتوقڕی ناردە سەر زەوی، هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
[17] کەسێکی لەپێشیانەوە نارد، یوسف بە کۆیلەیەتی فرۆشرا،
[18] بە کۆت ئازاری پێیان دا، زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد.
[19] هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی، پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
[20] پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە، فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
[21] کردی بە گەورەی ماڵی خۆی، کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
[22] بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات، پیرەکانی فێری دانایی بکات.
[23] جا ئیسرائیل هاتە میسر، یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
[24] بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن، لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
[25] ئەوەی دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە، هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
[26] موسای بەندەی خۆی نارد و هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
[27] لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو، لە خاکی حام هێنایانە دی.
[28] تاریکی نارد و تاریک داهات، میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
[29] ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن، ماسییەکانیانی کوشت.
[30] زەوی پڕبوو لە بۆق، کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
[31] بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات، مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
[32] بارانی کردن بە تەرزە، ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
[33] لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان، درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
[34] بە فەرمانی ئەو کوللە هات، کوللەحاجی بێشومار،
[35] هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد، بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
[36] لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
[37] بە زێڕ و زیوەوە دەریکردن، لەنێو هۆزەکانیان کەسی پەککەوتە نەبوو.
[38] میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو، چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
[39] هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین، ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
[40] داوایان کرد، سوێسکەی هێنا، نانی ئاسمانی تێری کردن.
[41] بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا، وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
[42] چونکە بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە، بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
[43] گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە، هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
[44] خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین، بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
[45] بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن، فێرکردنی جێبەجێ بکەن. هەلیلویا.