[1] خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە، یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
[2] یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە، لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
[3] یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.
[4] گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
[5] دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن: «کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
[6] کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت، بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە، کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.
[7] هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن، پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
[8] «دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە، لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
[9] تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو، ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.
[10] بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
[11] بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت، چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
[12] بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.
[13] ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە. q4 ئامین و ئامین.